جستجو

نەوال سەعداوی: رقم لە سنوورەكانە

نەوال سەعداوی: رقم لە سنوورەكانە

“خوا بەرپرسی جیاكارییەكی ناحەقە لە نێوان من و براكەمدا، هەر ئەویش بەرپرسی سڕینەوەی ناوی دایكم بوو، جارێكیان باوكم پێی وتم خوا حەقە، لەم دەستەواژەیە نەگەیشتم، بۆیە نامەیەكم بۆ خوا نووسی. ئەوە یەكەم نامە بوو لە ژیانمدا بینووسمو لێم پرسی: ئەی خودایە ئەگەر تۆ حەقی، بۆچی لە نێوان من و براكەم و لە نێوان دایكمو باوكمدا جیاوازیت درووست كردووە؟”

ئەو كاتەی دایكم  فێری پیتەكانی دەكردم، نووسینی وشەیەك فێربووم ئەگەر لەبیرم مابێ، ناوی  خۆم بوو، هەموو رۆژ ناوەكەی خۆمم دەنووسیەوە، لە چوار پیتی لێكدراو پێكهاتبوو (نوال) شێوەی نووسینی ناوەكەم و ماناكەیم خۆشدەویست كە بە مانای بەخشین دێت، ئەم ناوە بە منەوە بەستراوە و بۆتە بەشێك لە من. پاشان فێری نووسینی ناوی دایكم بووم (زینب) كە لە دەفتەرە بچووكەكەی خۆمدا بە تەنیشت ناوەكەی خۆمەوە نووسیم، شێوەی هەردوو ناوەكەم پێ جوان بوو، زۆر پێم خۆش بوو كە لە تەنیشت یەكەوە نووسیبووم. لەو كاتەوەی فامم كردەوە، گەورەترین خۆشەویستیم بۆ خۆمو دایكم هەبوو، پاشان ئەوانی دی دەهاتن، لەوانیش باوكم. جارێكیان باوكم ناوەكەی من و دایكمی بینی كە نووسیبووم، خێرا ناوی دایكمی كوژاندەوە و ناوی خۆی و باوكی لە دوای ناوەكەی منەوە نووسی. (السعداوی) ناوی باپیرەم بوو بەر لەوەی من لە دایك بم، ئەو لە ژیاندا نەمابوو .

لەو كاتەدا پرسیارێك بەمێشكمدا  هاتوو و پرسیم: بۆچی باوكم ناوی دایكمی كوژاندەوە؟ كە من لەو بووم ئەو شیری پێداوم و هەر ئەویش فێری نووسینی كردووم و بەخێوی كردووم؟ ناوی كەسێك دادەنێت كە من لە ژیانمداٍ هەر نەمبینیوە؟ ئیدی ناوی (السعداوی )م خۆشنەدەویست كە بووە هۆی سڕینەوەی ناوی دایكم، هۆی ئەو كارەم لە باوكم پرسی گوتی: “ئەوە ویستی خوایە”.

ئەوە یەكەم جار بوو ناوی (خوا) لە باوكم ببیستم، دەمزانی ئەو، واتە خودا لە ئاسمانە، ئەویش فەرمانی بە سڕینەوەی ناوی دایكم كردووە، من كەسێكم خۆشناوی ناوی دایكم بسڕێتەوە، دایكمم بە ناوەكەی و شێوەو جەستەو پەنجە گەرمەكانیەوە خۆشدەویست كە بەدەموچاومیدا دەهێنا، وەكو تیشكی خۆری گەرمو گوڕ بوو، دەنگەكەیشیم پێ خۆش بوو كە بەیانیان بانگی دەكردمٍ، ئەو هەموو رۆژێ فێری وشەی نوێی دەكردم.

برایەكم هەبوو ساڵێك لە خۆم گەورەتر بوو، زۆر گێل بوو لە ماڵەوە و لە قوتابخانەش هیچی نەدەكرد جگە لە یاری و هاتو هاوارو نووستنو خواردن نەبێت، تەنانەت جێگەكەی خۆشی چاك نەدەكرد، هەرچەندە من لەویش مناڵتر بووم، بەڵام دەبوو جێگەكەی چاك بكەمو قاپەكانیش بشۆم، لە ئەركەكانی ماڵەوەو قوتابخانەدا لەو سەركەوتوتر بووم، كەچی باوكم ئەوی لە من زیاتر خۆشدەویست، نازی زیاتری دەدایەو یاری بۆ دەكڕی و لە جەژنیشدا جەژنانەكەی ئەو دوو هێندی ئەوەی من بوو، كاتێكیش لە باوكم دەپرسی دەیگووت:خودا لە قورئاندا فەرمویەتی :”كچ نیوەی كوڕە”

كەواتە، تێگەشتم خوا بەرپرسی جیاكارییەكی ناحەقە لە نێوان من و براكەمدا، هەر ئەویش بەرپرسی سڕینەوەی ناوی دایكم بوو، جارێكیان باوكم پێی وتم خوا حەقە، لەم دەستەواژەیە نەگەیشتم، بۆیە نامەیەكم بۆ خوا نووسی. ئەوە یەكەم نامە بوو لە ژیانمدا بینووسمو لێم پرسی: ئەی خودایە ئەگەر تۆ حەقی، بۆچی لە نێوان من و براكەم و لە نێوان دایكمو باوكمدا جیاوازیت درووست كردووە؟

هەروەها باوكم پێی وتم، خودا دروستكارێكی كامڵ و تەواوە و سەرجەم كارەكانی تەواوە، لەشولاری ئێمەی بە جوانترین شێوە دروست كردووە، كەچی لە شەوێكی تاریكدا، ژنێك بە گوێزانێكەوە هات بۆ خەتەنەكردنم، ئەو كات تەمەنم شەش سالاَن بوو، پارچەیەكی لە ئەندامێكی لەشم بڕی و گووتی: ئەوە فەرمانی خودایە، نەمدەتوانی بپرسم چۆن خودا فەرمان بە بڕینی بەشێك لە ئەندامی جەستەمان دەكات كە خۆی درووستی كردووە، پاشان لە باوكمم پرسی، ئەویش وتی خەتەنەكردن سونەتی پێغەمبەرە و فەرز نییە، چونكە لە قورئاندا نەهاتووە. هەرچەندە جیاوازیی نێوان فەرزو سونەتم نەدەزانی. تا دوو هەفتە دوای خەتەنەكردنەكەم خوێن و ئازارم هەبوو، وەكو ئەو ئاگرەی دوای مردن دەمانسووتێنێت. دوای سێ هەفتە چاك بوومەوە، بەلاَم ئەو رووداوەم تا چارەكە سەدەیەك بیرنەچووەوە، لە نۆ ساڵی تەمەنمدا رووداوێكی ئازاربەخشی دیكەم پێگەیشت، ئەویش خوێن لێچوونێك بوو، بێ ئەوەی هۆكەی بزانم، لە خەتەنەكە ترسناكتر بوو، لەبەر ئەوەی هەموو مانگێك، بۆ ماوەی چوار رۆژ لەو بارەدا دەمامەوە كە بە سووڕی مانگانە ناسراوەو تا تەمەنم نەگات بە نیو سەدە تەواو نابێت.  لەو كاتانەدا دەچوومە قوژبنێكی دوور لە خەڵكەوەو ئازارەكەی خۆمم دەخواردەوە، ئیدی فێر بووم نابێت سەبارەت بەو حاڵەتە پرسیار بكەم، چونكە وەلاَمەكەی هەروەكو وەلاَمەكانی پێشووە.

هەر لە منداڵیەوە كەسانی دەوروپشتم پێم دەڵێن: سنوور مەبەزێنە! ئەوەش جۆرێك لە دوژمنایەتی لە نێوان منو سنووردا دروستكرد، ئەو سنوورە چییە؟ و كێ دایدەنێ؟ پرسیارێك هەیە هەر لە منداڵییەوە دەمهێناو دەمبرد، ئێستاشی لەگەڵدا بێت كە پێم دەڵین سنوور مەبەزێنە!

جارێكیان منداڵ بووم ویستم هۆنراوەیەك  بنووسم، بەلاَم نەنكم (دایكی باوكم) بەچاوێكی سووكو گاڵتە ئامێزەوە سەیری كردم، وەكو ئەوەی منداڵ عەقڵی نەبێتو توانستی نووسینی شیعری نەبێت، هەرچەندە سەرجەم داهێنانەكانی وەكو شیعرو وێنە كێشان و مۆزیك و ئەدەبٍ، یان هەر داهێنانێكی دی، هەر لە قۆناغی منداڵییەوە دەست پێدەكات.

بەڵام خەڵكی سنوور بۆ كاری منداڵ دادەنێن، هەر بۆیە لە منداڵیمەوە رقم لە وشەی سنوور بووەوە، ئیدی ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە ناخمدا، ئارەزوویەك درووست بێت كە سنوورەكان ببەزێنم، ئەوەش خواستێكی سرووشتییە لە منداڵدا، بەلاَم خەڵك وای بۆ دەچن، گوایە ئەوە خواست و ئارەزوویەكی نائاساییە.

بۆ ئەوەی منداڵ بە ئاسایی، خۆی  نیشانی خەڵكی بدات، هەوڵ دەدات رازییان بكات و ئەو سنوورەی ئەوان بۆیان داناوە بیپارێزێت، تا لە ئەنجامدا هێزی داهێنان لە دەست دەدات.

 من و ئەوانی دی، یان من و ئەوی دی ئەوە كێشەیەكە كەسی داهێنەر هەر لە منداڵییەوە رووبەڕووی دەبێتەوە، هەموو مرۆڤێك بە داهێنەر لە دایك دەبێت، بەلاَم بە هۆی پەیوەندییە دەرەكییەكانی لەتەك ئەوانی دیكەدا تووشی گرفت دەبێت.

هەتا ئەم كاتەش من رووبەڕووی ئەم كێشەیە دەبمەوە، چونكە جیهانەكەی دەوروبەرم لە ململانێدا شەپۆل دەدات، هەروەكو یاسای دارستان، گەورە بچووك دەخوات و ئەوەی خاوەنی چەكی ئەتۆمی بێت ئەوا پێگەو وتەی زاڵە. ئەوەشی خاوەن پارەو دەسەلاَتو سامان بێت، بالاَ دەستە بە سەر ئەوەی سۆزو ناسكیو مرۆڤایەتی تێدایە. جیهانی دەرەكی توڕەم دەكات، تا زانیارییەكانم لە سەری پتر بێتو لە بەهاو یاساكانی پتر تێبگەم، هێدەی دی توڕەترم دەكات.

كاتێك مرۆڤی ئاسایی ستەم دەبینی توڕە دەبێت، بەلاَم ئەو توڕەبوونە سرووشتییە بووە بە كارێكی ئاسایی، وەكو بڵێی ستەمكردن كارێكی سرووشتی بێت، یان پێویست كرابێت لە سەرمان بە دڵخۆشیو رەزامەندییەوە پێشوازی لێبكەین، یان لانی كەم لە بەرامبەریدا بێ دەنگ بینو ناڕەزایی دەرنەبڕین، بەلاَم بێ دەنگی لەو بارەدا مردنە، ناڕەزایی بەرامبەر ستەم، یەكەم هەنگاوە بەرەو داهێنان.

ئەو منداڵەی لە پێش چاوی دەبینێت كارەكەرێكی بچووكی هاوتەمەنی خۆی لە ماڵەكەیاندا داخ دەكرێتو بە قامچی لێدەدرێت لەلایەن دایكی یان باوكییەوە، لە سەر ئەوەی كوپێك بە دەستییەوە شكاوە، بە بێدەنگیو رەزامەندییەوە سەیری رووداوەكە دەكاتو ئازاری پێناگاتو نارەِزایی دەرنابڕێت، ئەوەیش تۆوی داهێنانی تیایدا دەكوژێت، ئیتر رادێت لە سەر ئەوەی ستەم ببینێتو بێدەنگ بێت، بگرە بەشداریشی تیادا بكات.

داهێنان وەكو تۆوێك وایە لە خاكدا پێویستی بە ئاوو ئاودێری هەیە، ئەو ئاوەش خۆشەویستیو دادپەروەریی یان خۆشەویستیو جوانیو ئازادییە. بێ دادپەروەری یان ئازادی جوانی بوونی نییە، ئەمە پرەنسیپێكی مرۆیی دەستپێكە. ئازادی وشەیەكی مرۆیی قەشەنگە، شاعیرانو داهێنەرانو هونەرمەندان پیایدا هەڵیانداوە، هەروەها ئازادی دژواری كۆتوبەند یان سنووردانانە. مرۆڤەكان بە ئازادی لە دایك دەبن، ئەوەش راستییەكی حاشا هەڵنەگرە، بەلاَم راستییەكی سروشتی دیكەش هەیە كە مرۆڤ لە كۆمەڵگە لەتەك ئەوانی دیكەدا دەژی، هەر تاكێك لەوان، هەمان ئەو ئازادییەی هەیە كە بۆ خۆی دەیخوازێت.

من  و  ئەوی دی شایەنی ئازادی و دادپەروەری و جوانین، كەواتە بۆچی دەستدرێژی بكەمە سەر ئازادیی ئەوانی دیكە، هەروەها بۆچی ئەوانی دیكەش دەستدرێژی بكەنە سەر ئازادی من؟ ئایا دەستدرێژیكردنە سەر ئازادیی ئەوانی دیكەو مافە مرۆییەكانیان، بەشێكە لە سرووشتی مرۆڤایەتی؟ ئایا ستەمكردن سرووشتی مرۆڤە، یان ستەمكردن پێڕەوی كۆمەلاَیەتییە؟ ئەمەش پرسیارێكی مێژووییە، كەڵكەڵەی هەر مرۆڤێكی داهێنەرەو بێ خوێندنەوەی مێژووی مرۆڤایەتیو بێ هەوڵدان  بۆ گەیشتن بەو رەگو ریشەیەی كە ستەمو كۆیلایەتی لێ پەیدابووە، ناتوانرێت وەلاَمی بدرێتەوە!

سەرچاوە: كنێبی “قضایا المرأە والفكر والسیاسە” – رێوان

وەرگیردراو لە ماڵپەڕی: https://kchiqendil.wordpress.com