جستجو

من فریدام؛

من فریدام؛

“فریدا کالۆ کچێک لە مێکزیکەوە، ئەی خوا، چۆنەیە ژیانی کەسێک هەموو دەم هاوڕێ بێت لە گەڵ ئێش و زام؟ تا ئێستا بووە لە داخی ئێش و زام لە خۆتان وەڕەز بووبێتن؟ من تەمەنێک ئێشم چێشتووە بەڵام جوان بووم. لەبەر دڵان بووم….”

نووسینی: ئەرسەلان چەلەبی

 

فریدا کالۆ، (frida kahlo) نیگارکێش و یەکێک لە بە ناوبانگترین ژنانی ناوداری هونەری هاوچەرخە. ناوبراو بە هۆی کێشانەوەی ناوازەی پۆڕترەی خۆی ناوبانگی هەیە. فریدای هەژدە ساڵ تەمەنی خوێندکاری پزیشکی لە رووداوێکی هاتوچۆ دا شان و سینگ و لاق و پەلی دەشکێ و بۆ ماوەیەکی زۆر لە جێ دا دەکەوێ و ئەو رووداوە وەکوو بیرەوەرییەکی تاڵ بۆ هەمیشە لە مێشکی دا دەمێنێیتەوە.

فریدا لە پاش چاکبوونەوەی پۆڕترەکانی خۆی دەبردە لای “دیاگۆ ریورا” نیگارکێشی دیواریی بە ناوبانگ و کۆمۆنیستی مێکزیکی. تابڵۆکانی فریدا سەرنجی ریوڕای راکێشا و پەیوەندی بەردەوامی ئەو دووانە لە ئاکامدا ژیانی هاوبەشی لێ کەوتەوە، بەڵام لە پاش ساڵانێک ژیانە هاوبەشەکەیان زۆری نەخایاند و هەر کامەیان بەرەو ئاقارێکی تر لە ژیانی شەخسی خۆیان رۆشتن، فریدا لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئاماژە بە پەیوەندی سێکسی خۆی و “لێئۆ تروتسکی” کۆمۆنیتسی ناوداری هەڵاتوو لە شۆڕەوی و هەورەها پولت گۆدار، هاوسەری چاڕلی چاپڵین دەکا.

لە سەردەمی شەڕی جیهانی دووهەم، پێتەختی کلتووری لە پاریسەوە بۆ میکزیک گوێسترابۆوە، بەو جۆرە زۆرینەی هونەرمەندەکانی ئورووپا لەوێ بوون، ماڵی فریدا و دیاگۆ ریورا ببوو بە مەکۆی ئەو هونەرمەندانە کە لایەنی فکری زۆرینەیان بە لای چەپ دا دەشکاوە.، فریدا ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی لە سەر کورسی چەرخدار دەژیا و ئەوەش بوو بە هۆکاریک روو لە مادە هۆشبەرەکان بکا.

لە کۆی 143 تابڵۆیەک کە فریدا کێشابویەوە 54دانەی پۆڕترەی روخساری خۆی بوو کە زۆرینەیان بەردەوام بە ئاژەڵی ورد و گیا و گژ و گوڵ ئاوێتە ببوو. فریدا لە سەردەمی کورتی ژیانی خۆی کە هاوڕێ بوو لە گەڵ ئێش و زامی جەستەیی و رۆحی، بە بەردەوامی هەوڵی دەدا رۆبچێتە ناخی ژیانەوە، جەستەی سەرڕیژ لە ئێشی خۆی لە تابڵۆکانیدا رووت دەکردەوە. تابڵۆکانی ناوبراو ئاوێنەی ئەزموون و ژیانی شەخسی خۆی بوو کە بەردەوام پێداگری لە سەر رەنج و ئێشی ژیان دەکرد.

“ئاندرێ بێڕتۆن” نووسەری ناوداری سووریالی فەڕانسەوی لە پاش دیتنی تابڵۆکانی فریدا وتبووی: فریدا سووریالە، بەڵام فریدا ئەوەی رەت کردبۆەوە و هیچ کات خۆی بە سووریال نەدەزانی. کلتووری دەوڵەمەندی وڵاتی مێکزیک، ریشە مێژووییەکانی ئەو وڵاتە، ئەفسانە و ئوستوورە و حیکایەتەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام کاریگەری راستەوخۆی لە سەر تابڵۆکانی فریدا بووە.

فریدا لە ساڵی 1907ی زایینی لە مێکزیک هاتە دونیا و لە ساڵی 1954ی زایینیش هەر لەو وڵاتە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

Self-Portrait with Cropped Hair, 1940