جستجو

رۆژی یاسامەندکردنی بە کۆیلەکردنی ژنان

رۆژی یاسامەندکردنی بە کۆیلەکردنی ژنان

بە بۆنەی هاتنی هەشتی مارس؛ رۆژی یاسامەندکردنی بە کۆیلەکردنی ژنان

نووسینی: پژمان ئیبراهیمی

تابلۆی یەکەم:

ژنێک کە بۆ ژیان دەجەنگێت و پاڵ بەو ڕەوایەتانە دەنێ کە ژیانیان لە پێناو مردن و مردنیان لە پێناو ژیان گەرەکە. ئەو بەرخوەەدان دەکات تا بژیت و ژیان دەکات تا بەرخوەدێر بێت.

ژنگەلێک کە نەمامی ئازادیان لە ناخی خۆیاندا ناشتووە و لەگەڵی دەبزوێن و دەپشکوێن و گوڵ دەدەن. ئەوانەی ئینانا ئاسا بۆ جەنگی ئەنکییەکانی سەردەم دەڕۆن و هەڵیاندەدەنە هەڵدێرەکانی مێژووەوە.

ئەوانەی نە رۆژێک، ساتێک، یادێک؛ بەڵکوو هەموو ڕۆژەکان و ساتەکان یادێکن بۆ پەیمان نوێ کردنەوە و شەڕ!

شەڕ لەگەڵ گشت ئەو کلتوور و داب و نەریتانەی نێرانە، مێرانە و کەرانە لەقاویان دەدەن و زامدار.

شەڕی ئەو شەڕی مان و نەمانە، شەڕی شووناس و شەری چارەنووسە، شەڕی تێکۆشان تا مردنە، شەڕی وان شەڕە تا ژیانە!

ئێرە ئیتر دەنگی نێرەکەرەکانی کوردستان نییە، دەنگی قێڕەو و هاوار و دەنگی چەقۆ و شەللاق و لێدان و کوشتن نییە، ئێرە دەنگی شۆڕشی ژنانە بە کاتی بەرخوەدان، بەکاتی تێکدان، شێواندن و ژیاننەوەیە.

لێرە لەم تابلۆیەدا ژنان تێکدەدەن، تا بئافڕێنن

دەشێوێنن، تا بسازێنن

دەکوژن تا بپشکوێنن.

لێرە لەم سەرزەوینە ژنانی زاگرۆس خەونەکانی رۆزا، ئاواتەکانی سانچێز و هیوایەتەکانی جانسز بەدیدێنن.

لێرە ماتیک و ڕیمڵ، سووراو و سپیاو و تەنوورەی کورت و مینوژووب پێوەری جوانی ژن نیین، لێرە چەک و ڕەخت، تۆز و عارەق و پێڵاوی دڕاوە کە بەژنی زراڤی کچەکانمانی ڕازاندووەتەو.

ئێرە ڕەنگ و دەنگی ژنانی کوردستانە!

تابلۆی دووهەم:

هەشتی مارس: دووبارە درۆیەکیتر و هەڵخەڵەتاندنێکی تر. دوبارە رۆژێک لە پێناو ساڵێک و ساڵێک بۆ توواندنەوە لە رۆژێکدا.

رۆژی جیهانی ژنان، ناوێکی بریکەدار بەڵام تۆقێنەر. یەکێک رۆژی لە داییکبوونی فاتمەی زارا هەڵدەبژێرێ و یەکێک ساڵیادی سووتانی کرێکارانی کارگەی جل و بەرگ. یەکێک لە ئیسلام کەڵک وەر دەگرێت و ئەویدی لە ماتریالیزم و هەردووک چەقبەستووی یەک مێنتاڵیتەی زاڵ. زەینییەتێک کە چرکە بە چرکە داگیرت دەکات، دەتچەوسێنێتەوە و لەناوت دەبا. ئیتر وا هیچ ڕۆژێک واتایەکی نییە، هەمووی خەریکە قیزەون دەکرێت، دەشێوێندرێت و پڕ دەکرێت لە پووچ و بەتاڵ دەکرێت لە پڕ؛ چلۆن دەیانەوێت.

ئەو رۆژەی خافڵاندنی ژنان یاسامەند کرا، گوولەی خەلاسییان بە تەپڵی سەری هەموو ژنە “ئازادیخوازێکەو” نا، لەورۆژەدا وا کارنەڤاڵی هەشتی مارس ڕێکخرا دووایین بزمارەکانیان لە تابووتی ژن بوون، ئازادە بوون، بزیو بوون دا و لە ژێرەوە دەستیان بۆ نێوگەڵی بۆگەنیوی زەلامەکان برد و شۆڕشیان بە گرتن و ئازادیان بەفرۆتن‌دا.

هاواریان کرد هۆۆۆۆۆ بازەرگانەکان، قاچتتان دانێن وا هاتین بە گەرمایی خۆرەتاوی بەهاری تا کۆشی پڕ لە سەرمایە و پارەتان بە هێمنی بکەینە شوێنی حەوانەوە و لاواندنەوە.

لاواندنەوەی ئەوانەی کوشتتان، سووتاندتان و لە بازارەکاندا فرۆشتتان!

پارادۆکسێکی کۆمێدی، تا بڵێی ناشیرین و کارەساتبارە!

هەشتی مارس وا بەرێوەیە تا “فێم مێ نیستەکان”، خۆیان تاو بدەن و بەکاتی ئازادی خۆ ڕووتکردنەوە، عەقڵیەتی ناۆگەڵیزم بە درێژایی ڕووباری سیروان و بە بانتایی دەشتی هەڵەبچە بڵاو بکەنەوە. ئەوانەی هەر دەرۆن و زیاتر لەناخی نەزانی و زۆڵمەتا ڕۆدەچن.

“ژن ژیانە، ژیان مەکوژە!”

زور جار گوێمان لەم وشە بریکەدارە بووە، غافڵ لەوەی هەموو ڕۆژێک ژیان لە ناوگەڵی ژنێکی پێریۆددا دەکوژرێت، خۆشەویستی لە ختەنەی کچێکی ساوادا لە دار دەدرێت و ئازادی دەستبەسەر دەکرێت، کاتێک چرکە بە چرکە ئاواتەخوازی مەرگی، مەرگێک کە بەرپەرچداننەوەیەکە لە دژی کوشتنی سات بە ساتی ژیان.

ئێرە شۆڕشی ژنانی پیاوکۆژانی کوردستانە، بەکاتی سلیکۆنی مەمک و قون، پرۆتێزی لێو و ڕێککردنی لووت.

لێرە ژنان دەسازێندرێن تا تێک بدەن

دەرازێندرێنەوە تا بکوژن جوانی

و دەژین تا بکوژرێن.

کۆتا خاڵی پارادۆکساڵی هەشتی مارس: “پیاوێک کە رۆژانە دەتچەوسێنێتەوە؛ بۆت دەنووسێت و باست دەکات و خۆی وەک ڕزگارکەر دەنوێنێت، بە خۆشمەوە!”

تێبینی: “ئەم نووسراوەیە ڕووی قسەی لە ژنانێکی کوردە کە بەهۆی تێنەگەیشتن لە “ماف” بە کۆپی بەرداری لە کلتووری رۆژئاوایی بەتەمان بەرهەڵستکاری ژنان لە دژی سیستەمی پیاوسالاری لە رۆژێکدا بچووک بکەنەوە”