جستجو

سیاسەتەکانى فریودان

سیاسەتەکانى فریودان

 ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ فەیلەسوف و کۆمەڵناسى فەڕەنسى، ژان بۆدریار (1929-2007)، لەلایەن  سۆزان مۆر و ستیڤن جۆنستۆنەوە  لە کانونى دوەمى ساڵى 1989، بۆ گۆڤاری “مارکسیزمى ئەمڕۆ”ى بەریتانى ئەنجامدراوە. لە ئەسڵدا بە ناونیشانى “سیاسەتەکانى فریودان”(The Politics of Seduction)  بڵاوبووەتەوە. لێرەدا پشت بەو نوسخەیە بەستراوە کە لە کتێبى Baudrillard live: Selected Interviews دا هاتووە و “مایک گین” (ڕۆتلیدج 1993) بە چاپى گەیاندووە.

  گفتوگۆ لەگەڵ “ژان بۆدریار” 

سازدانى: “سۆزان مۆر” و “ستیڤن جۆنستۆن”

وەرگێڕ: هاوار محەمەد 

س.م/س.ج: دوایین کتێبت لەبارەى ئەمریکاوە بوو، وتووتە: ”هەموو ئەو تێمایانەى کە لە کتێبەکانى پێشترمدا کەشفکراون، لەناکاو لە فۆرمێکى کۆنکرێتدا دەرکەوتن و لەبەردەممدا واڵا بوون”. پرسیارەکان دەربارەى لەدەستچوونى واقیع (the loss of reality)، لەپێشینەیى وێنە، ناچالاکیى “جەماوەر” دیسانیش ]لە کتێبە نوێیەکەتدا[دووبارە بوونەوە و دەڵێیت هیچ ئومێدێک لە کۆمەڵگەى ئەمریکیدا نییە. بەڵام، ئەى چى ئومێد بە تۆ دەدات؟

بۆدریار: لە ڕابردوودا وتوومە ئومێد تاڕادەیەک بەهایەکى گرنگ نییە. ئێمە لە سەردەمێکداین کە تێیدا ئومێد ئایدیایەکى زۆر ڕوون نییە. پێموایە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان یۆتۆپیاکان زۆر چالاکن- بزووتنەوەى سەوز، بزووتنەوەى فێمێنیزم و شتى لەم بابەتە، ئەمەیش بەو بزووتنەوانە دەوترێت کە بزووتنەوەى ئومێدبەخشن و خولیاى ئەوەیانە ببنە بزووتنەوەگەلى شۆڕشگێڕی. بەڵام لە حەقیقەتى کردیى زێدە-واقیعى ئەمریکیدا (the American hyper-reality)، ئەم بزووتنەوانە بەشێکن لە هەمان گەمەى زڕە-نواندنەوە (دیعایە) خۆى. ڕەنگە بەشێک نەبن لە دەسەڵاتى فەرمى، بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا ڕۆڵێک لە هەڵمەتى زڕە-نواندنەوەى زەبەلاح (mega-publicityoperation)ـدا دەگێڕن کە ئەمریکایە.

ئەوان لەمەدا بێبەرى و پاکژ نین، یان لەمە بێ خەوش نین. بەم جۆرە ئەوان هەڵوێستێکى زۆر ڕووکەشیان لەبارەیانەوە هەیە. ئەوان بەردەوام دەبن لە گۆڕانکارى. بزووتنەوەکان دەردەکەون و نامێنن، نەک لەبەرئەوەى ئایدیاکان باشن یان خراپ، بەڵکو هەر بەسادەیى وەک نیشانەی زیندووێتى (vitality) – وەک زیندووێتى فیزیکیى واقیعى ئەمریکى دەردەکەون کە لە هەڵقوڵان و گۆڕانى بەردەوامدایە. لێرەدا، پێموانییە بتوانین ئەم جۆرە مەسەلانە بە زاراوە سیاسییەکان وەسفبکەین. باوەڕم بە بزووتنەوەى ئیکۆلۆژى(ژینگەیی) نییە، بەڵام هەر دەیشیکەم. پێویست نییە مرۆڤ باوەڕى بە شتێک بێت تاکو بیکات، تەنیا حەزدەکەم بڵێم من ئەمە دەکەم. لە ئەمریکا شەرت کردنە، ئیدى گرنگ نییە ئایدیاکان باش بن یان خراپ. وەک نموونەیەک بۆ گۆڕان و ئاڵوگۆڕى وزە، هێشتا ئەمریکا ئێجگار زیندووە. زۆر لە ئەوروپا زیندووترە.

س.م/س.ج: لە کتێبى “ئەمریکا”دا وەها وەسفى کەلتورى ئەمریکى دەکەیت کە “کەلتورێکى ڕیسوایە، بەڵام ئاسانییشە” (vulgar but easy)، کەلتورێکە ڕۆشنبیرەکانى ناتوانن شیکاریى بکەن. ئایا ئەم قسەیە ]بە شاراوەیى[ گریمانەى نۆستالیژیایەک ناکات بۆ “کەلتورى ئەوروپى”، بەتایبەتییش کەلتورى ئەکادیمى؟

بۆدریار: بەڵێ، پێگەى ئەوروپى زۆر ناڕوونە. مۆدێلى ئەوروپى وەها کولتوورى ئەمریکى دەبینێت کە زۆر ڕووکەشانەیە و بەشێوەیەکى ڕووکەشیش شیکاریى دەکات. بەڵام كەلتور یان باشتر بڵێین نا- كەلتوری ئەمریکی، لە خۆیدا بە تەواوى ڕەسەنە. ئەم كەلتورە تەنیا لە نوقسانیى كەلتورییدا کورتنەبۆتەوە و پێویستى بەوەیش نییە بەشێوەیەکى نەرێنیانە تەفسیر بکرێت. دەبێت وشەى “ڕووکەش” (superficial) بخرێتە نێوان دوو کەوانەوە، چونکە من شێوازێکى زۆر ئاسایى و باوم بۆ ڕوانین لە ئەمریکا هەڵبژاردووە و بە ئاراستەیەکى تردا بردوومە. ئەم نا-کەلتورە لە خۆیدا پۆزەتیڤە و نابێت لە چاوانى نۆستالیژیاى ئەوروپییەوە لێیى بڕوانرێت.

س.م/س.ج: ئەگەر ڕۆشنبیرە ئەمریکییەکان نەتوانن لە كەلتورەكەی خۆیان تێبگەن، ئەى داخۆ تۆ هاوڕاى ئەمبێرتۆ ئیکۆیت کە دەڵێت پێویستە پرۆفیسۆرە ئەمریکییەکانى زانکۆ خانەنشین بکرێن؟ ئایا دەشێت قوتابیانى خوێندنى ناوەندى تێگەیشتنێکى تەواو ڕوون و ڕاشکاوی ئەوتۆیان لە کۆمەڵگەکەیان هەبێت کە ڕۆشنبیرەکان هەرگیز ناتوانن هەیانبێت؟

بۆدریار: بەڵێ.. ئیمکانییەتێکى تێگەیشتن هەیە لە ڕیگەى حەدسەوە. بەڵام ڕۆشنبیرى ئەمریکی بۆیە ناتوانێت لە كەلتورەكەی تێبگات چونکە لە گیتۆیەکى كەلتورییدا (anintellectual ghetto) گیرىخواردووە. شێوازە بەرگریکارییەکەیشى لاساییکردنەوەى كەلتوری ئەوروپییە، ئەمە دەریدەخات کە بۆچى جیاوازییەکى گەورە لەنێوان ڕۆشنبیرى ئەمریکى و کولتوورى ئەمریکیدا هەیە. بێگومان، گەنجان حەدسى زیندووتریان هەیە و لەم دۆخە ساختەیەدا نین.

کاتێک ویستم هەر بۆ خۆم لە زێدە-واقیعى ئەمریکى بکۆڵمەوە، هاوکارەکانم نەیانویست بەشداریى بکەن، لەبەرئەوە لەگەڵ ئیکۆدا ناڵێم پێویستە خانەنشین بکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا گەر لەدەستم بێت دەمەوێت بیاننێرم بۆ بیابان.

س.م/س.ج: ئەها، بەڵێ، بیابان! تۆ دەڵێیت: ”بیابانەکان فۆرمێکى باڵایان هەیە (sublime forms) دوورە لە هەر کۆمەڵکەیەگ، لە هەر سەنتیمێنتالێتییەک، لە هەر سێکسواڵێتییەک”. پێشنیارى ئەوەیش دەکەیت کە ”پێویستە هەمیشە مرۆڤ شتێک ئامادە بکات تاکو لە بیاباندا بیکاتە قوربانى (sacrifice) و وەک قۆچى قوربانى (victim) پێشکەشى بکات. ژن. ئەگەر شتێک هەبێت لەوێ دیار نەمێنێت، شتێک کە لە جوانیدا هاوتاى بیابان بێت، بۆچى ژن نییە؟” ئامانج لەم قسە هەراسانکەرە بێ پاساوە چییە؟ بە گوێرەى ئەمە، ئایا پێویستە فەیلەسوفێکى پۆستمۆدێرنە لە ناوەندى شاردا بکەینە قوربانی؟

بۆدریار: ڕەنگە ئایدیایەکى زۆر باش بێت کە بە ئاشکرا قوربانى بە فەیلەسوفێکى پۆستمۆدێرن بدرێت. هەڵبەت، لەو وێنەیەدا کە دەربارەى بەقوربانیکردنى ژن خستوومەتەڕوو بڕێک هەراسانکردن (provocation) “إستفزاز” هەیە، بەڵام پێموانییە بە زەرورەت زاراوەى “قوربانی” نێگەتیڤ بێت. من وەک شتێکى پۆزەتیڤ لێیى دەڕوانم. بۆ نموونە، هەندێک قوربانیدانى دوولایەنە لە فریوداندا هەیە. شتێک پێویستە بمرێت بەڵام ئەمە وەها نابینم ناچاربێت کەسێک بسڕێتەوە- ڕەنگە پێویست بێت ئارەزوو و عەشق بمرن. قوربانیدان بە ژن لە بیاباندا کردەوەیەکى لۆژیکییە، چونکە مرۆڤ لە بیاباندا تاکە شوناسى خۆى وندەکات. لێرەدا قوربانیدان کردەیەکى باڵایە و بەشێکە لە دراماى بیابان. کردنى ژنیش بە ئوبێکتى قوربانیدان ڕەنگە گەورەترین ستایش بێت کە بتوانم لێرەدا بە ژندا هەڵیبڵێم.

س.م/س.ج: بەم دواییانە لە نیویۆرک، نمایشێک هەبوو بە ناوى ”بەرەنگارى (دژ بە بۆدریار)” کە ژمارەیەک هونەرمەندى دیار بەشدارییان تێدا کرد. هەستت چۆنە کاتێک بەرهەمەکەت وەک شتێک دەبینیت کە ئەوەتا دژى دەجەنگن، بەوە تۆمەتبارى دەکەن مالیخولیاییە، پڕە لە مەیلى نەکردن (full of inertia ) و هیچ ڕێگایەکیش بەرەو پێشەوە پیشان نادات ]ئەڵتەرناتیڤ ناخاتە ڕوو[؟

بۆدریار: وەک پێشتر وتم، هەمیشە ڕەگەزێکى هەراسانکردن (ئیستفزاز) لە نووسینەکانمدا هەیە. ئەوەیش جۆرێک تەحەدا دەخاتە بەردەم ڕۆشنبیر و خوێنەر کە شێوە گەمەیەکیان دەستپێکردووە. بێگومان، ئەگەر خەڵکان هەراسان بکەیت، ئەوا دەبێت پێشبینى دژە-هەراسانکردن (counterprovocation) و هەندێ کاردانەوەى نێگەتیڤیش بکەیت. ئەو بێزراوییەى تێیدام شتێکى ئێجگار گرنگ و تینبەخشە. ئەمە ئەوە دەردەخات -ڕەنگە هەر بە شاراوەیى و نائاگایانە- نەرێنبوونەکەى خۆمم بۆ گواستوونەتەوە، ئەمەیش ئەو شتەیە کە پێشبینیم دەکرد. دەتوانم بڵێم زێدە-کاردانەوە (hyper-reaction) بەرامبەر کارەکەم هەبوو، کەوایە لەم ڕوانگەیەوە من سەرکەوتوو بووم.

س.م/س.ج: ئەى دەربارەى پێگەى ژنان لە کارەکەتدا چى؟ ئایا ئەوان پسپۆڕى فریودانن؟

بۆدریار: من هاوڕاى ئەو ئایدیۆلۆژیا فێمێنیستییە دەمارگیرە نیم کە دەڵێت ]وەسفکردنى[ ژن بە فریودەر (seducer) بریتییە لە ڕۆڵێکى سووکایەتیپێکراو. بە بۆچوونى من، ستراتیژییەتى فریودان هێزێکى شادیبەخش و ڕزگارکەرانەى ژنە. ئەمە وزە لە لەبەرگرتنەوە (simulation)ـەوە وەردەگرێت. بەداخەوە، لە فێمێنیزمدا هەر شتێک بۆى ڕێبکەوێت ببێتە شتێکى ژنانە ئەوا بەرگریى لێدەکرێت –نووسینى ژنانە، شیعر، هەر جۆرە داهێنانێکى هونەرى، ئەمەیش وا دەکات مەسەلەکە ئاوێنەى لەبەرگرتنەوەى پیاوانە بێت. ئەمە لەبەرگرتنەوەیەکى نەرێنییە و جێگاى داخە. پێموایە ستراتیژیەتى ژنانەى فریودان نامۆبوون (alienation)ـى ژن نییە، وەک ئەوەى فێمێنیستەکان بۆى دەچن. دەبێت مرۆڤ دەست لە جەنگى نێوان دوو ڕەگەزەکە هەڵگرێت و لە نامۆبوونى سێکسیستى (sexist alienation) دووربکەوێتەوە. نابێت پیاوان و ژنان دژایەتیى یەکترى بکەن. پێموایە مرۆڤ دەتوانێت تواناى مێینەیى فریودان وەک فەزیلەتێکى پۆزەتیڤ بەدەستبێنێتەوە، ئەمەیش یەکێکە لە ڕێگاکانى زاڵبوون بەسەر مەسەلەکەدا. بەڵام بێگومان ڕیسکى ئەوە دەکەم کە ڕووبەڕووى هەڵەتێگەیشتن ببمەوە.

س.م/س.ج: ئایا ئەم ڕوانگەیە ڕوانگەیەکى ڕۆمانسیى نییە بۆ ژن وەک بوونەوەرێکى باڵا (transcendent)؟ زۆرێک لە فێمێنیستەکان هەمیشە ڕەخنە لەو جەوهەرگەراییە (essentialism) دەگرن کە تۆیش ڕەخنەى لێدەگریت.

بۆدریار: گرنگە وەک ژن ڕەخنەى ژن بکرێت. فریودان تەنیا ستراتیژییەتێکى سێکسیانە نییە و تاکلایەنەیش نییە. بەڵکو زیاتر بەندە بە دوولایەنەیى و تەواوکارییەوە. کۆمەڵێک ڕێسا بۆ گەمەکە هەیە. فریودان گەمەیەکى زۆر فیزیکى ]جەستەیى[ و یەکسانانەیە. هەردوو لا بەقووڵى دەچنە نێوییەوە و گرەوەکانیش گەورەن. فریودان ئایدیۆلۆژیایەکە کە لەسەر حسێبى دیموکراسییەت یاریى دەکات. ئێستا پیاوان عەوداڵى ئەوەن ئایدیۆلۆژیایەک بدۆزنەوە کە بیانناسێنێت، پێشموایە دەبێت مێینەیى (femininity) لە سنورە بەرتەسکەکانى خۆی زیاتر بڕوات، بچێتە ئەودیوى ئەو ڕێگەیەوە کە لەم ساتەى ئێستادا خۆى لێوە دەبینێت.

س.م/س.ج: ئەى ئەگەر وا بێت، کەواتە شتێکى وەک عەشق بوونى هەیە؟

بۆدریار: یاخیبوونێک هەیە، بەڵام بەڕاستى نازانم. شتێکى زۆرم نییە لەبارەى عەشقەوە بیڵێم.

س.م/س.ج: منداڵت هەیە؟ منداڵەکان وات لێدەکەن گەشبین بیت؟

بۆدریار: دووانم هەیە. ئێستا لە تەمەنى پێگەیشتن و کامڵبووندان. ڕەنگە باوکێکى خراپ بووبم چونکە هیوا کەسییەکانى خۆمم بەسەردا نەدان. پاشان، ئەوان خۆیان ڕێگاى خۆیان دۆزییەوە و ئەوەیان کرد کە دەیانویست بیکەن.

س.م/س.ج: قومار دەکەیت؟

بۆدریار: بەڵێ، لە لاس ڤێگاس دەیکەم. هەندێجاریش قومارچى نیم.

س.م/س.ج: ئایا کارى تۆ قومارکردنە؟ ئەگەر وابێ، ئەى چى لە گرەودایە؟

بۆدریار: نازانم ئاخۆ دەتوانن ناوى بنێین گرەوى كەلتوری (cultural stakes). بەڵام نابێت گرەوەکان تێکەڵ بە ئەنجامەکان بکەن. کێشەکە تێکدانى کارەکە نییە، -ڕەنگە کار هیچ گرەوێکى تێدا نەبێت- کار لە دەورى خۆى دەسووڕێتەوە تاوەکو هیچی لێ نامێنێتەوە. پێموایە گرەو ]ى قومار[ ماتەوزەیە، پۆتانشێڵى وزەیە ]وزەى کار[. ئەمە بە نزیکەیى لە یاریى پۆکەر دەچێت. بە شێوەیەک لە شێوەکان، گرەو زیاتر گەمەیەکە لە سەرووى موزایەدەکردنەوە لەپێناو بینینى دەست و پێڕى ئەوانیتردا. گرەوەکە ئەوەیە ئەوانیتر دەستى خۆیان کەشف بکەن.

س.م/س.ج: لە “جەزبەى سۆسیالیزم” (The Ecstasy of Socialism)دا، سەرزەنشتى گەشبینى و “ساویلکەیى نا-ماقووڵانەى فیکرى سۆسیالیستى” دەکەیت. داخۆ ئەم دۆخە هەر بە سادەیى نائومێدییە لە سیاسەتەکانى پاش-68؟ ئایا تۆ تەنیا ئاڵوگۆڕێکت نەکردووە: دەبەنگیى «كەلتوری بەرخۆری»ت خستۆتە جێگاى هەر مامەڵەیەک لەگەڵ کایەى سیاسییدا ]وەک سیاسەت[ بۆ شەیداییەک؟

بۆدریار: کێشەیەکى دیاریکراو و جدى لەوەدا هەیە، چونکە نەوەى 68 هەموو شتێکى خستە گەمەوە. نەرێکردنێکى سەرسوڕهێنەرى كەلتور هەبوو، ئەمە قوربانیدانێک بوو بە بەها سیاسییەکانیش. بێگومان، دواى قوربانى ئەوەى هەمیشە دەمێنێتەوە بەتاڵییە، بەتاڵیى کەلتورى. لە ئەمریکا، جێگاى ئەم بەتاڵییە پڕکراوەتەوە، نەک بە کەلتور بەڵکو بە ڕووداوەکان (events)، کە ئاڵوگۆڕى لە دیمەنى سیاسى 68دا کردووە و گۆڕیویەتى بە یاریى ئاگرینى کەلتورى (cultural fireworks).

ڕادیکاڵیزمى 68 گەیشت بە ڕووداوى گەورە، وەکو داتەپینى بۆرسە و دەرکەوتنى ئایدز- ئا ئەوە ڕادیکاڵیزمى ئەمریکییە. ئەمە ڕادیکاڵیزمێکە کە ڕۆشنبیر تێیدا جێگەى نابێتەوە، ڕۆشنبیر بە واتا تەقلیدییەکەى وشەکە. ڕادیکاڵیزمى ڕۆشنبیر بوو بە مایەى ڕووداوەکان، پاشان ڕۆشنبیر تەریک و بێکاریگەر کرا. ڕۆشنبیر هیچ داهاتوویەکى نییە.

سەرچاوەکان:

  • جان بودريار: المثقف لا مستقبل له، ترجمة: محمد دخاخني، altra  صوت، 2017.

https://www.ultrasawt.com

– Jean Baudrillard: The Politics of Seduction, in “Baudrillard Live- Selected Interviews”, Edit By Mike Gane, Routledge (London and New York 1993), Pp. 152-155.

ورگیراو لە:
http://negativegroup.org