جستجو

کێ ستەم لە ژن دەکات… پیاو یان سەرمایەداری؟

کێ ستەم لە ژن دەکات… پیاو یان سەرمایەداری؟

هەتاوەکو ئێستاش هەندێک کەس پێیان وایە چەوساندنەوە و ستەمکردن لە ژنان، دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک کار و کردەوەی هەڵەی بەشێک لە پیاوان. بۆ بەرگریکردن لەم بۆچوونەشیان دەڵێن: ئەوە پیاوە قسەی ناشیرین و ناشایستە بە ژن دەڵێت، ئەوە پیاوەکانن لەپشت بازرگانیی سێکس و پۆڕنۆگرافییەوە وەستاون، هەر پیاوەکانیشن مامەڵەیەکی خراپ لەگەڵ ژناندا دەکەن و دەستدرێژییان دەکەنەسەر، هەمووی پیاوەکانن نەک سیستەمەکە.

جۆن کاردوێڵ

وەرگێڕانی: بابان ئەنوەر

هەتاوەکو ئێستاش هەندێک کەس پێیان وایە چەوساندنەوە و ستەمکردن لە ژنان، دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک کار و کردەوەی هەڵەی بەشێک لە پیاوان. بۆ بەرگریکردن لەم بۆچوونەشیان دەڵێن: ئەوە پیاوە قسەی ناشیرین و ناشایستە بە ژن دەڵێت، ئەوە پیاوەکانن لەپشت بازرگانیی سێکس و پۆڕنۆگرافییەوە وەستاون، هەر پیاوەکانیشن مامەڵەیەکی خراپ لەگەڵ ژناندا دەکەن و دەستدرێژییان دەکەنەسەر، هەمووی پیاوەکانن نەک سیستەمەکە. بەم لۆژیکە توێژەران هەموو شتێکیان لەوەدا کورتکردۆتەوە کە کێشەکە لەناو مامەڵە و ڕەفتاری پیاواندایە و ئەم سیستەمە چینایەتییەی باڵادەستە، بێتاوانە لەئاست چەوساندنەوەی ژناندا. بەڵام ئێمە پێویستە بەم شتە ڕووکەشانە باوەڕنەکەین و بچینە ناو ڕیشەی کێشەکە و بزانین لە قوڵاییدا چی شتێک خۆی حەشارداوە.

بە قسە ئاسانە بگوترێت توندوتیژی سیمایەکی سروشتیی و زگماکیی نێرینەیە. بەڵام ئێمە دەزانین، وێڕای بەرزیی ڕێژەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، زۆرینەی پیاوان بەو شێوە توندوتیژە مامەڵە ناکەن. زۆرینەی ژنان هاوڕێکانیان لە ڕەگەزی نێرن، هەروەک خاوەنی باوک و بران، کە مەرج نییە ئەمانە هەموویان حەز بە توندتیژی دژ بە ژنان بکەن.

هەموومان ئەوە دەزانین کە (مارگرێت تاتچەر)ی ئەندامی پارتی پارێزگاران و سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، کە ژنێک بوو، بەرپرسە لەو شەڕە خوێناوییەی لە هەشتاکانی سەدەی بیستدا لە دورگەی “فۆکلاند” هەڵیگریساند، هەروەک چۆن یەکێک بوو لە لایەنگیر و پاڵپشتە سەرسەختەکانی ئیمپریالیزم و داگیرکارییەکانی ئەمریکا. هاوکات بینیمان چۆن ژنە سیاسەتمەدارە ئەمریکییەکانی وەک (هیلاری کلینتۆن) و (مالدین ئۆڵبرایت) پشتیوانییان لە شەڕە داگیرکارییەکانی ئیمپریالیزمی جیهانی کرد [بە ناوی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتییەوە] لە وڵاتانی وەک عێراق و ئەفغانستان.

بەڵێ ملیۆنان پیاویش شەڕی دڕندانەیان دژ بە یەکتر هەڵگیرساندووە، لەڕاستیشدا ئەو شەڕانە سیمایەکی مێژوویین لە سیماکانی سەرمایەداری. بەڵام بۆچی پیاوان شەڕ هەڵدەگیرسێنن؟ بێگومان لەبەرئەوە نییە کە بە سروشتی خۆیان و لە سکی دایکیانەوە حەزیان لە توندوتیژی بێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئەوە حکومەتە سەرمایەدارەکانن کە هەڵمەتێکی پروپاگەندەی زەبەلاحیان سەرپێخستووە لەپێناو باوەڕهێنان بە پیاوانی چینی کرێکاردا(*) کە شەڕ ئەنجامبدەن. ئەوەی دەیسەلمێنێت پیاوەکان بە سروشتی خۆیان توندوتیژ و شەڕخواز نین، ئەوەیە کە کاتێک دەکرێنە سەرباز پێویستیان بە خولی سەربازیی و ڕاهێنانی زۆر هەیە بۆ فێربوونی شەڕ و کوشتار، کە ئەمەش ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان تووشی شۆک دەکات، کاتێک هاندەدرێن بەزۆر بەشداریی لە کردەی کوشتن و خوێناوییدا بکەن.

لەڕاستیدا حاشا لەوە ناکرێت کە هەندێک لە پیاوان بەزۆر دەستدرێژیی دەکەنە سەر ژنان، یاخود خاوەنی جۆرە بیرکردنەوەیەکن بۆ جیاکاریی ڕەگەزیی دژ بە ژنان، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەیەکە کە تێیدا ژن دەچەوسێندرێتەوە، هەرگیز ڕەنگدانەوەی بونیادی دروستبوونی سروشتیی ڕەگەزی نێر نییە، هیچ ڕیشەیەکی زگماکی و سروشتیی توندوتیژی نییە کە لە پیاودا هەبێت و لە ژندا نەبێت، بەڕاستی سروشت هێندەی قەیرانە ئابوورییەکان بەزەبر و توندوتیژ نییە.

لەم ڕوانگەیەوە، هەندێک کەس لەو باوەڕەدان کە ئەگەر کاروبارەکان بەدەست ژنانەوە بوونایە و دەسەڵاتیان هەبووایە، دەکرا ڕێگریی لەو قەیرانە کوشندە ئابوورییە بکرێت کە ڕووی لە جیهان کردووە. بەڵام بەڕاست پێتان وایە کاروبارەکان لەمە باشتر دەبوون ئەگەر چەندین ژنی دیکەی وەک (کریستین لاگارد)ی سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، لە سەرەوەی دەسەڵاتی سیستەمی سەرمایەدارییدا بوونایە؟ ئایا سەرمایەداری لەمەی ئێستا کەمتر دڕ دەبوو ئەگەر کاروبارەکانی لە ڕێگەی ژمارەیەکی زۆرتر لە ژنانی وەک ڕاوێژکاری ئەڵمانیا (ئەنگێلا مێرکڵ)ـەوە بەڕێوەببرایە، کە خودی ئەم خانمە [بەهۆی قەرزەکانی ئەڵمانیا لەسەر یۆنان] بەرپرسیارە لە وێرانکردن و نزمکردنەوەی ئاستی بژێویی ملیۆنان ژنی یۆنانی لە ئێستادا؟ بێگومان ژنانیش مافی خۆیانە سەرۆکایەتیی وڵاتان و بەڕێوەبردنی کۆمپانیا گەورەکان بەدەستەوەبگرن، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی سیستەمی سەرمایەداری نەرم و نیانتر و مرۆڤدۆستتر بێت.

بێگومان داکشانەوەی ئابووری، کاریگەرییەکەی زیاتر ڕووبەڕووی ژنان بۆتەوە وەک لە پیاوان. بەڵام ئەمەش بەو مانایە نایەت کە زەبری کاریگەرییەکانی بەر پیاوان نەکەوتووە، زۆرێکیان بەکۆمەڵ لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە دەردەکرێن، یان لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر دەریشنەکرێن کرێ و موچەکانیان نزمدەکرێتەوە، یاخود بارودۆخی کارکردنیان خراپدەکرێت و خزمەتگوزارییەکانیان لە شوێنی کار کەمدەکرێتەوە، یان هەر بەتەواوی ناهێڵدرێت. هەربۆیە بەرزیی تێکڕای خۆکوشتن لەنێوان کوڕانی گەنجی کرێکاردا، کە لە شوێنێک ئیش دەکەن یان ئیشیان کردووە، باشترین بەڵگەیە لەسەرئەوەی پیاوانیش قوربانیی دەستی سەرمایەداریین. بەڵام کێ سوودمەندە لە جیاوازیی کرێ و موچەی نێوان ژنان و پیاوان؟

کەس وانەزانێت بە نزمکردنەوەی موچەی ژنان، موچە و کرێی پیاوانی ئیشکەر بەرزدەبێتەوە. زۆرینەی ئەو خێزانانەی پشت بە یەک کەس دەبەستن بۆ بەڕێکردنی کاروباری بژێوییان، بەهۆی کرێی نزمەوە زۆرێک لە ژنان دەکەونە ناو زەلکاوی هەژارییەوە. سەبارەت بەو خێزانانەش کە پشت بە دوو کەس دەبەستن بۆ دابینکردنی بژێویی خۆیان، نزمیی موچە و کرێ دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی پشکی هەر خێزانێک لە خەرجیی کۆمەڵایەتییدا، لەم بارەشدا هەموو لایەک گیرۆدە دەبن، پیاوان و منداڵانیش، ئەوە هەر ژنان نیین کە بەدەست نایەکسانیی کرێی ژن و پیاوەوە دەناڵێنن. تاکە سوودمەند لەم دۆخە، نە ژنان نە پیاوان، بەڵکو خاوەن کارەکانن.

ئەگەر تەماشایەکی بەلاڕێدابردن و داڕمان و خراپبەکارهێنانی جەستەی ژنان بکەین، تەنها وەک تاوانی پیاوان سەیردەکرێت، لەکاتێکا ئەوە ئەنجامێکی سروشتییە لەژێر سایەی سیستەمێکدا کە هەموو شت دەکات بە کاڵا و کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکات. بڵاوبوونەوەی ئەو هەموو گۆڤار و بابەتەی گرنگیی بە ژیانی پیاوان و بچوکترین وردەکارییەکانیان دەدەن، دەریدەخات کە تا چی ڕادەیەک دەزگاکانی راگەیاندن دەیانەوێت سوود وەربگرن لە بە کەم تەماشاکاردنی پیاوان لەلایەن خۆیانەوە و نەبوونی متمانە بە خۆیان. جیاکارییەکە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای جۆر و ڕەگەز نییە، واتە لەنێوان ژن و پیاودا، بەڵکو لەسەر بنەمای توێژ و چینە کۆمەڵایەتییەکەی ژن و پیاوە. ستەم و چەوساندنەوەی ژنان، لەناو چینەکانی یەک کۆمەڵگەشدا جۆراوجۆرە و فۆڕمی جیاجیا وەردەگرێت و ڕادەی توندوتیژییەکەشی دەگۆڕێت. [بۆ نموونە نابینیت ژنانی چینە باڵاکان خەمی موچە و کرێی خۆیان و هاوسەرەکانیان بێت. واتە کێشەی ژنان لە راستیدا کێشەی ژنان و پیاوانی چەوساوە و خوارەوەی کۆمەڵگەیە پێکەوە، لەگەڵ ژنان و پیاوانی سەرەوەدا، کە ئەوان بەشی ئەمانیشیان بردووە بە ژن و پیاوەوە، نەک تەنها ژن].

(*) کرێکار مەبەست لە مانا باوەکەی کرێکار نییە، بەڵکو هەم ئەو جۆرە کرێکارەش دەگرێتەوە، هەم گشت کارمەند و فەرمانبەر و دکتۆر و ئەندازیار و شۆفێرێکیش دەگرێتەوە، کە لە بەرامبەر کرێیەک، یان موچەیەک، یان بڕێک پارەدا، بەشێک لە وزە و کاتی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو کارە تەرخاندەکات. (وەرگێڕ).

 

سەرچاوە: ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان