جستجو

شێعر لە سەرەتای بوونەوە لە گەڵمانە، بە وێنەی: ئەوین…! برسییەتی…!تاعوون…! شەڕ…!

شێعر لە سەرەتای بوونەوە لە گەڵمانە، بە وێنەی:  ئەوین…! برسییەتی…!تاعوون…! شەڕ…!

هونەر لە ئورووپای شەرقی تام و چێژێکی تری هەیە، وڵات گەلی ئەو بەشە لە ئورووپا هەموو دەم جیاوازی خۆیان لە ناو ژانڕەکانی هونەر دا نواندووە. ئەوجار با ژوانێک لە گەڵ یارووسلاڤ سایفرێت بکەین و دونیای شیعری ئەو شاعیرە بە سەر کەینەوە. یەک لە شاعیرە باشەکانی هاوچەرخی ئورووپا و جیهان، ناوبراو ساڵی 1901ی زایینی لە گەڕەکیکی هەژار و کرێکارنشینی پڕاگ لە چێکسلڤاکی لە دایک دەبێ و 1986یش کۆچی دوایی دەکا. ساڵی 1984یش خەڵاتی نۆبێل دەباتەوە!

ئەرسەلان چەڵەبی

هونەر لە ئورووپای شەرقی تام و چێژێکی تری هەیە، وڵات گەلی ئەو بەشە لە ئورووپا هەموو دەم جیاوازی خۆیان لە ناو ژانڕەکانی هونەر دا نواندووە. ئەوجار با ژوانێک لە گەڵ یارووسلاڤ سایفرێت بکەین و دونیای شیعری ئەو شاعیرە بە سەر کەینەوە. یەک لە شاعیرە باشەکانی هاوچەرخی ئورووپا و جیهان، ناوبراو ساڵی 1901ی زایینی لە گەڕەکیکی هەژار و کرێکارنشینی پڕاگ لە چێکسلڤاکی لە دایک دەبێ و 1986یش کۆچی دوایی دەکا. ساڵی 1984یش خەڵاتی نۆبێل دەباتەوە!
سایفرێت دایکێکی کاتۆلیک و ساویلکە و باوکێکی سۆسیالیستی خودانەناسی هەبوو، ئەو بەردەوام لە گەڵ هەردووکیان دەژیا و پەیوەندییەکی زۆر باش و گەرم و گوڕی پێک هێنابوو، بنەماڵەی سایفرێت هەژار بوون بەڵام هەموو هەولی خۆیان دا هەتا کوڕەکەیان بنێرنە قوتابخانەیەکی باش بۆ خوێندن، بەڵام سایفڕێت خوێندنی بە نیوچڵی بەجێ هێشت و سەرقاڵی کاری هەواڵنێری و ئەدەبیات بوو، هەروەها هەموو کاتەکانی ژیانی رۆژانەی خۆی بۆ نووسین و ڕاهێنانی شێعر تەرخان کردبوو.
.
یەکەم کۆمەڵە شێعری سایفرێت لە ژێر ناوی “شار نوقمی فرمێسک” چاپ و بڵاو ببۆوە و ئەو کۆمەڵە شیعرەش ببوو بە ڕەسەنترین بەرهەمی پڕۆلیتاری میژووی چێک، لەو کۆ شێعرەدا سایفرێت بەردەوام لە ئەوین و ئازادی و راستی و پاکی دوابوو، بە دژی گەندەڵکاری سیاسییەکان وەستابۆوە و لە بەرابەر هەموو ئەوانەی کە بەرژەوەندی گەلیان فیدای بەرژەوەندی حیزب کردبوو بە شێوەیەکی شاعیرانە و بوێرانە هەڵوێستی گرتبوو و لێی لەقاو دابوون.
بیر و باوەڕی سایفرێت بە شۆڕش لە بڕوای ئەو بە ئاڵ و گۆڕی بارودۆخی کرێکار و ژیانی خەڵک سەرچاوەی دەگرت، نەک ئەوەی کە ئەو هۆگری دەسەڵاتی سیاسی و کوشتن و بڕین و هەڕەشە لەو چوارچێوەیە دا بێ، ئەوین و جوانی لە شیعرەکانی ئەو دا بەردەوام بە سەر نیفرەت و ناحەزیدا زاڵ بوو.
لە دوای ماوەیەک هاوڕێ نوێخوازەکانی سایفرێت وەکوو، کاڕێڵ تیگە، ئێستانیسلاڤ نێئوومان بوونە هۆی دابڕانی سایفرێت لە ئەدەبی پڕۆلیتاری و ئاشنابوونی ئەو لە گەڵ شێوازە نوێیەکانی شێعری پێشەنگی ئەو سەردەمە، سایفرێت لە ساڵی ١٩٢٠ کۆمەڵێک نووسەر و شاعیری لە ناو جەغزێکا کۆ کردەوە بە ناوی “دێوێتسیل” کە ناوی جۆرە گیایێکە و لە وشەدانەکاندا بە مانای “حەوت هێز” یان “مەعجوون”یش هاتووە.

ژیان و چالاکی ئەو شاعیرە لەو ساڵە بە دواوە لە گەڵ ئەو کۆمەڵە نووسەرە و هەروەها جووڵانەوەیەکی تر بە ناوی “پۆئێتیزم” تێکەڵ ببوو کە مانیفێستی ئەو کۆمەڵە نووسەرە بە شێوەیەکی کورت و هەڵبژاردە بریتی بوو لەو چەند دێڕەی خوارەوە کە ئاماژەی پێدەکەم:
“بەر لە هەموو چالاکییەکانی مرۆڤ، ئەرکی سەرەکی مرۆڤ نۆژەنکردنەوەی جیهانە، پێویستە شاعیران و بیرمەندان شان بە شانی سەربازە شۆڕشگێڕەکان هەنگاو بنێن، ئامانجی ئەوان یەکسانە، تەنیا جادەیەک بەرەو داهاتوو کۆتایی دێت! هونەری ڕابردوو، بگرە لە شێوازەکانی کووبیزم، فۆتۆڕیزم، ئۆڕفیزم یان ئێکسپێڕسیێۆنیزم لە زاتی خۆیدا بە جوان و پێویستی دادەنێن…،”

ئەوان ئەو بیر و باوەڕگەلە هونەرییانەیان لە پێناو ئامانجەکانی پڕۆلیتاریا و کۆمۆنیزمیان دەزانی و ژیانییان بە بەشێک لە هونەر دەزانی و لایان وابوو کە هونەرەکانی کەش دەبێ بێنە ژێر سێبەری ئەو دیسکۆڕسە، ئاواتی ئەوان پەیوەندی دانەوەی ژیان لە گەڵ بەشەکانی هونەر بوو، ئەو ساڵانە واتە دەهەی بیستی زایینی سەردەمی لاویی و جم و جۆڵە سەرەڕۆکان و چالاکی ئەوان بوو لە بواری شێعر و سیاسەت و ژیاندا، هەروەها بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان، کافە و چایخانەکان کۆ دەبوونەوە و بەردەوام لە مشت و مڕی سیاسی و ئەدەبی دابوون.
سایفڕێت بەردەوام لە ناو رۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبییەکان کە زۆربەیان کۆمۆنیستی بوون چالاکییەکانی خۆی پەرە پێدەدا و لە کۆتاییەکانی دەهەی بیستی زایینی بوو بە سەرنووسەری گۆڤارێکی بەناوبانگ و بەهێزی کۆمۆنیستی، بە شوێن ئەو چالاکییانە دا کتێبێکی تر لە شێعرەکانی و هەروەها وەرگێڕانی شاعیرانی سەمبۆلیستی ڕووسییە و هەروەها شاعیرانی فەڕانسە وەکوو پۆل وێڕلێن و گیێۆم ئاپۆلینێڕی چاپ و بڵاو کردەوە و دواتر لە گەڵ “تیگەی” هاوڕێی، سەفەرێکی دوور و درێژییان لە ئۆتریشەوە تا باکووری ئیتالییا دەست پێکرد و لە ساڵەکانی1925 و 1928 بەرەو ڕووسییە ڕیگەیان گرتە بەر، جێی ئاماژەیە کە سایفرێت لە ساڵی ١٩٢٠وە لە بیر و بایەخەکانی پۆئیتیزم دوور ببۆوە و مەودای لێ گرت.
لە ساڵی ١٩٢٩ سایفرێت لە گەڵ هەشت نووسەری کۆمۆنیستی کە نووسراوەیەکییان بە دژی سەرۆکی ئەو کاتی چێک بە هۆی هەندێک کردەوەی ناشیاو بڵاو کردەوە کە بووە هۆی دەرکردنی هەموویان لە حیزب، سایفرێت بە پێچەوانەی هەموو هاوڕێکانی بۆ هەمیشە تێکەڵی حیزب نەبۆوە و بەردەوام بۆ هەمیشە وەکوو ژورنالیست و سەرنووسەری چاپەمەنییەکان و هەروەها بڵاو کردنەوەی چەند کۆمەڵە شێعری کەو و کۆکردنەوەی شێعرەکانی سەدەی نۆزدەهەمی چێک لە دووتوێی کتێبێکدا درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا، سایفرێت لە کۆمەڵە شێعرەکانی خۆی شێوازی تایبەتی خۆی پەرە پێدەدا و زۆربەی شێعرەکانی کورت و ساکار و سەرڕێژ لە جوانی بوون کە ڕیتم و مۆسیقایەکی تایبەتی لە ناو خۆدا حەشار دابوو، دوای خوێندنەوەی هەستت دەکرد کە شێعری گۆرانییەکت خوێندۆتەوە. لە ساڵی ١٩٣٧ پەڕتووکی “هەشت ڕۆژ”ی بڵاو بۆوە، شێعرەکانی ئەو کۆ شێعرە باسیبلە خەفەتێک دەکرد کە زۆربەی خەڵکی چێک لە ناو دڵی خۆیانا ئەو خەفەتانە دەبینیەوە. خەفەتی لە کیس‌چوونی یەکەم سەرۆک کۆماری چێک “تۆماس گاریگە مازاریک” فیلسووف و بیرمەندێک کە هێمای دێموکڕاسی و سەربەخۆیی و یەکەمین سەرۆک کۆماری چێک بوو. لە ساڵی ١٩٣٨ کۆ شێعری “چراکان بکووژێنەوە”ی بڵاو کردەوە کە زێدەتر یادداشتی رۆژانەی شاعیری لە خۆ دەگرت و باسی لە هەڕەشەکانی ئاڵمانی نازی و یەکگرتوویی خەڵکی چێک لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەدا دەکرد کە بە داخەوە دواتر بە بە هۆی سەرۆک کۆماری ئەو کاتە تەسلیم دەبن و دەست لە سنوورە نەتەوەییەکان دەکێشنەوە و بە شێوازێکی یەگجار دڵتەزێن کۆتایی پێ دێت.
لە دوای داگیرکردنی پاشماوەی وڵاتی چێک لە لایەن ئاڵمانییەکان، سایفێرت لەو ماوەیەدا سێ کۆمەڵە شێعری تری چاپ و بڵاو کردەوە کە کاریگەرییەکی یەگجار زۆر و باشی لە سەر ئیرادە و هەستی نەتەوەیی و بەرخۆدانی خەڵکی چێک دانا، ئەو شێعرانە بە ناوەڕۆکی وڵات پارێزی و خۆشەویستی نیشتمانی دایک و خۆشەویستی بۆ پڕاگ زەفەری بردە ناو دڵی خەڵکی چێک و لە مەودای ساڵەکانی ١٩٣٩ هەتا ١٩٤٥ سایفێڕت ببوو بە شاعیری نەتەوەیی چێک و بەرهەمەکانی بە شێوەیەکی بەربڵاو کە پەیوەندییەکی راستەوخۆی لە گەڵ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کاتەی خەڵک و چێک هەبوو، دەخوێندراوە، لە ناو هەموو ماڵێک دا نووسراوەکانی سایفێڕت وەدەست دەکەوت.
دوای رزگاری وڵاتی چێک لە ساڵی١٩٤٥، سایفێڕت چالاکییەکانی خۆی لە بواری ژورنالیستی درێژە پێدا و دوای پێکهاتنی دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی، خۆی لە ناو چاپەمەنییەکی داخراو و سەرڕێژ لە سانسۆڕ دا دیتەوە و لە لایەن دەڵەتەوە تۆمەتی بورژوا و دوژمنی خەڵکی لێ درا، بە شوێن ئەو کێشانەدا لە چالاکی ژۆرنالیستی دوورەپەرێزی کرد و خۆی بە وەرگێڕان و پێداچوونەوەی کتیبەکانییەوە خەریک کرد.

لە پاش ساڵی ١٩٤٥ کۆمەڵە شێعرێکی تر لە سایفرێت بڵاو بۆوە و لە ساڵی ١٩٥٦ لە دووهەمین کۆنگەرەی یەکییەتی نووسەرانی چێک لە پشت تریبوونەوە رایگەیاند کە: “بەو هیوایەی ئێمە ویژدانی خەڵکی خۆمان بین، بڕوام پێبکەن لەو چەند ساڵەی ڕابردوو ئێمە هیچ کە ویژدانی خەڵکی خۆمان نەبووین، بەڵکوو تەنانەت ویژدانی خۆشمان نەبووین،ئەوەی لە بەرانبەر حەقیقەتدا بێدەنگی هەڵبژێرێ، مرۆڤێکی نگریس و درۆزنە.”
سایفێرت لە ساڵی ١٩٦٥ بە نووسینی هەندیک شێعر و کتێبی تر بە تەواوی لە شێوازەکانی ڕابردووی خۆی دابڕابوو و بە شێوەیەکی ساکار و دوور لە هەر چەشنە ئاڵۆزییەک هاتە ناو قۆناغێکی تر لە نووسین و لە ساڵی ١٩٦٧ خەڵاتی نووسینگەی چاپەمەنی نووسەرەکانی چێکی پێ بەخشرا و هەر لەو ساڵەشدا وەکوو “هونەرمەندی نەتەوەیی وڵاتەکەی” نێودێر کرا.
لە ساڵەکانی ١٩٦٨ هەتا ١٩٧٥ شێعرەکانی ئەو شاعیرە هاتە سەر زمانی ئینگلیسی و لە ئامریکا و کانادا و بریتانیا چاپ و بڵاو بوونەوە. لە ئاکامدا لە ئۆکتۆبری ١٩٨٤ خەڵاتی ئەدەبی نۆبێلیشی بردەوە و سەرنجی هەموو جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و لە ساڵی ١٩٨٦یش ماڵاویی لە شێعر و ژیان و چێکسلڤاکی کرد و کۆچی دوایی کرد.
لەبەر ئەوەی من شیعر لە زمانی دووهەم و سێهەمەوە تەرجومە ناکەمەوە شیعرەکانیم دانەنا و دەتوانن بە ئاسانی شیعر و بەرهەمی ئەو شاعیرە وەدەست بخەن و لە کۆتاییشدا ئەو کورتە شیعرە هەر وەکوو کۆتایی ئەو نووسینە بخوێننەوە:

“…”
پێنووسەکەم
ئیتر وشەکان هەڵناپەڕێنێ؛
شێعر
خامۆش و بێدەنگ دەمێنێتەوە…
بە وێنەی دڵۆپە فرمێسکیکی قەتیس بوو لە کونجێکی چاو دا.

سەرچاوە:
کتێبی “عاشقانەکانی یارووسلاڤ سایفرێت”
وەشانخانەی “نگاە”
وەرگێڕانی: فەریدە حەسەنزادە
تاران 1384ی هەتاوی