جستجو

ژنە شاعیرێکی رادیکاڵ و نامە شۆڕشگێڕیەکانی

ژنە شاعیرێکی رادیکاڵ و نامە شۆڕشگێڕیەکانی

تۆ لە ناو لەشی پڕ لە جووڵەی خۆت زیندانییەکی سیاسیت
تۆ لە ناو زەینی قورس و قایمت زیندانییەکی سیاسییت
تۆ کە لە قوون دەرکەی دایک و باوکت کەوتووی زیندانییەکی سیاسیت
تۆ کە دیلی رابردوویت زیندانی سیاسیت

ئەرسەلان چەڵەبی

زیندان لە سەردەمی مۆدێڕن دا پەل و پۆی زۆر هاویشتووە، واتاگەلی جۆراوجۆری لە خۆ دا کۆ کردووەتەوە، لە هەموان زەقتر زیندانی سیاسییە کە زۆرتر لە لایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهان دا کاری بۆ دەکەن هەتا ئەو جۆرە زیندانییە نەمێنێت، ئەگەر بڕیک قووڵتر لەو باسە بڕوانین رەنگە زیندانی سیاسی تەنیا بەرتەسک نەبێتەوە بۆ کەسانێک کە بە دژی دەسەڵاتیکی توتالیتە و ئیدۆئۆلۆژییەکی فاشیست و شتی لەوجۆرە وەستاونەتەوە، زۆر دۆخی تر کە ئەو جۆرە سیستم و دەسەڵاتانە بۆ مرۆڤی پێک دینن و مرۆڤی پی دەچەوسێتەوە خۆی بە جۆرێک هەڵگری واتای زیندانییەکی سیاسییە.

لە کەس شاراوە نییە کە سیاسەت بە گشتی چ قوڕێکی رەشی بۆ مرۆڤ گرتووەتەوە. ئێستا رەنگە ئەو پرسیارە قوت بێتەوە کە جۆرەکانی تر لە زیندانی سیاسی چییە؟ دەکرا لە سەر وەڵامەکەی هەندیک شت باس بکەم بەڵام پێم وابێ نامەی ژومارە 49ی دایان دی پریما هێندە بە جوانی باسی کردووە و وەها قووڵ رۆچۆتە ناو ئەو باسەوە کە قسە کردنی لە سەری زیادییە. لە ئامریکایەک کە هەتا بووە دەسەڵاتیکی وەحشی و وێرانگەری بووە، لە ژینگەی ئەوێدا پێمان دەڵێ زیندانی سیاسی کێ و کێن؟ دڵنیام زۆرینەی لە وڵاتەکانی خۆشمان دەتوانین ببینینەوە، رەنگە هەر تۆ کە ئێستا خوێنەری ئەو بابەتەی بە جۆرێک سەردەمانێک یان ئێستا زیندانی سیاسی بیت و بە قوونی خۆت نەزانیبێ، بە منیشەوە!

چەند شەو لەمەو بەر شیعرێکی یان نامەیەکی (Diane Di Prima ) “دیان دی پڕیما” بە ناوی “زیندانی سیاسی” کە لە راستیدا لە دووتوێی “نامە شۆڕش‌گێڕییەکان” دا بڵاو بوونەتەوە و ئەویش نامەی ژومارە 49 بووە بە وەرگێڕانی “حسێن مەکی زادە” بۆ سەر فارسی خوێندەوە، دواتر من هەر وا کردم بە کوردی و لەگەڵ دەقە ئینگلیزییەکەی ناردم بۆ هاوڕییەک کە زۆر بە باشی شارەزای هەر دوو زمانی کوردی و ئینگلیزییە، هەندیک وردە پێشنیاری پێدام و تۆزێکی ترم ئاڵ و گۆڕ بە سەردا هێنا، ئەو کارەشم بۆ ئەوەی کرد کە من دەق لە زمانی دووهەم را وەرناگێڕم، تەنیا کارەکە بە لامەوە زۆر جوان بوو و وەک حەزی خۆم وەرمگێڕاوە و گوتیشمان با لەگەڵ دەقە سەرەکییەکەی بەراوردێک بکرێت.

ئەو نامەگەلە سەرەتا لە ساڵی 1968ی زایینی نووسراون و یەکەم جاریش لە ساڵی1971 بڵاو بوونەوە.
چەند ساڵ پێشتر کۆمەڵیکی کەم لە کورتە شیعرەکانی دایان،م خوێندبۆوە و کەم و زۆر دەمناسی، ناوبراو ژنە شاعیری ناو جەماعەتی “بیت” بوو. ساڵی 1934ی زایینی لە بڕوکلینی نیۆیۆرک دێتە دونیا و یەکەم کتێبە شیعری خۆی لە ساڵی 1958 دا چاپ کرد. لە سەرەتاکانی دەهەی شەستی زایینی تێکەڵ بە جەماعەتی بیت دەبێت و بەردەوام هەتاکوو ئێستا لە نووسین نەوەستاوە.

#دیان_دی_پریما

نامە شۆڕشگێڕییەکان ژومارە 49

لەشێکی چرچ و لۆچ و بێ‌هەست و رزیو بۆخۆی زیندانییەکی سیاسییە
مناڵیکی قوتابخانە بۆخۆی زیندانییەکی سیاسییە
پارێزەرێکی ناو زیندان بۆخۆی زیندانییەکی سیاسییە
چی دوکتوری مێشک‌گێیە بووەتە زیندانی سیاسی
ژنێکی کابان بۆخۆی زیندانییەکی سیاسییە
مامۆستایەکی قوتابخانە کە درۆ لە نێوان لێوە خەفەتبارەکانییەوە دزە دەکاتە دەرەوە بۆخۆی زیندانییەکی سیاسییە
هاوڕەگەزبازەکان بۆخۆیان زیندانییەکی سیاسین
موعتادێک بۆخۆی زیندانی سیاسییە
هەرچی زیندانە زیندانییەکی سیاسییە

چی ژنەزیندانییەکی سیاسییە
چی ژنە زیندانییەکی سیاسییە

تۆ لە ناو لەشی پڕ لە جووڵەی خۆت زیندانییەکی سیاسیت
تۆ لە ناو زەینی قورس و قایمت زیندانییەکی سیاسییت
تۆ کە لە قوون دەرکەی دایک و باوکت کەوتووی زیندانییەکی سیاسیت
تۆ کە دیلی رابردوویت زیندانی سیاسیت
خۆت ئازاد کە
خۆت ئازاد کە
من کە خووم بە تووڕەیی گرتووە زیندانی سیاسیم
من کە دیلی خووی توڕەهاتم زیندانی سیاسیم
من کە دیلی خووی ترس و هەراسانیم زیندانی سیاسیم
من کە دیلی ئیحساس‌گەلی گەمژانەم زیندانی سیاسیم

ئازادم کەن
من ئازاد کەن
یارمەتیم بدەن، ئازادم کەن
خۆت ئازاد کە
خۆتان ئازاد کەن
یارمەتییەک بکە ئازادم کەن

هەموو زیندانییە سیاسییەکان ئازاد کەن
مەسیح ئازاد کەن
ژانداڕک ئازاد کەن
گالیلە،جۆردانوبڕۆنۆ، مایستر ئیکهارت ئازاد کەن
سوقڕات ئازاد کەن
ساکۆ و واتزێتی ئازاد کەن
سەرۆک‌کۆمار نیکسۆن ئازاد کەن
هەموو زیندانییە سیاسییەکان ئازاد کەن
هەموو زیندانییە سیاسییەکان ئازاد کەن
چی موعتادی ماریجوانایە زیندانییەکی سیاسییە
چی پیاوی مەند و ماقووڵە زیندانییەکی سیاسییە
چی کوڵاوچییە زیندانییەکی سیاسییە
چی سۆزانییە، چی قورمساغە، چی بکوژە، زیندانییەکی سیاسییە
چی مناڵێکی تووڕە و تۆسنە کە شووشەیەک دەشکێنێ زیندانییەکی سیاسییە

هەموو زیندانە سیاسییەکان رزگار کەن
هەموو زیندانییە سیاسییەکان رزگار کەن….

Revolutionary Letters 49
1969
Diane di Prima