جستجو

جێژوانی کۆڵبەران

جێژوانی کۆڵبەران

تاریکە شەوێکی زستانی بوو، کزەیەکی ساردی دەهات. دەرگا ئاسنییەکەی ژوورەکەم کردەوە تا فانۆسە کۆنەکە وا لەسەر مێزەکە دانرابوو هەڵکەم، ئاخر لەو گوندەکەی ئێمە جار و بار بەرق ئەڕوات. پێڵاوە گڵاوی و پینەکراوەکەم داکەند و چوومە ژوورەوە، دیوێکی ٣٠ متری کە خۆم و هاوژینەکەم و مناڵە کۆرپەکەمان کە هێشتا ساڵێکی نەبووبوو تێیدا دەژیاین.

ڕۆژان ئیبراهیمی

تاریکە شەوێکی زستانی بوو، کزەیەکی ساردی دەهات. دەرگا ئاسنییەکەی ژوورەکەم کردەوە تا فانۆسە کۆنەکە وا لەسەر مێزەکە دانرابوو هەڵکەم، ئاخر لەو گوندەکەی ئێمە جار و بار بەرق ئەڕوات. پێڵاوە گڵاوی و پینەکراوەکەم داکەند و چوومە ژوورەوە، دیوێکی ٣٠ متری کە خۆم و هاوژینەکەم و مناڵە کۆرپەکەمان کە هێشتا ساڵێکی نەبووبوو تێیدا دەژیاین. لەسەر ڕاخەرەکە دانیشتم و بیرم لە پیشەکەم دەکردەوە، ئەو کارەی هەرجارەو بیرم لێ دەکردەوە مووچڕکێکی ناخۆش هەموو گیانمی ئەتەنی و لە بەرخۆمەوە ئەموت لەپێناو کامە بەهایا گیانم ئەبەمە لێواری مەرگەوە. ئایا بەهای نان لە ژیان زورترە یا خود دۆزینەوەی پارووێک نان هێندە بایەخدارە کە ژیانمی لەسەر دانێ؟ کەوتمە بیر ئیمڕۆ بەرە بەیان کە زوو لە خەو هەڵسام و ئەبووایا بارەکەم ببردایا ئەودیوی سنوورەکانەوە. هەڵبەت لە ناو بەفرێکی قورسدا کە مانگێک ئەبوو بێ وچان ئەباری.

لەبەر خۆمەوە وتم ئەمجارەش دەرەچم وەک جارەکانی پێشوو، بەرەو لای ئەسپەکەم رۆیشتم کە وەک هەمیشە بە کۆڵەکە داری ناو گەوڕەکەی ماڵ باوکمەوە بەستبوومەوە. هۆسارەکەیم گرت و بەرەو جێژوان بەڕێکەوتم! بەڵێ جێژوان بەڵام ئەو جێژوانە نە شوێنی قەرار لەگەڵ دڵدارەکەم کە مەکۆیەک بوو بۆ بەردەوام بوونی ژیانی پڕ لە خۆشەویستیمان. “کوڕەکان بە مەیدانی کۆبوونەوەمانیان دەگوت جێژوان!”

کە گەیشتمە جێژوان مێرمنداڵێکی ١٥ ساڵانم بینی کە دەستەوئەژنۆ چاوەڕوانی هاوڕێیەکانی دیکەی ئەکرد کە تێکڕا بەرەو کەسنەزانێک مل بنێن! هەرچەن سەرنجی ئەو کۆڕەم دەدا کە لەو تەمەنەدا و لەم سەرما و سۆڵەی زستانیەدا هاتبووە جێژوان تەزوویەکی ناخۆش هەموو گیانمی ئەتەنی و هاوکات سەرما و خەمی کۆڕێک کە لەجێژوانێکی بێناونیشان و بە کۆڵەبارێکەوە لەبری گۆڵ ڕاوەستاوە جەرگمی دەبڕی. بەڵام چارە چییە دڵنیام ئەویش وەک من و ئەوانیتر کە لەو ناخۆشە سەڵاتەدا ڕووی کردگەسە ئەم کەسنەزان ئابادەی جێژوانی پێ ئەیژین، مەجبوورە. کە سەرنجی ئەو دژواریگەلەم دەدا کە لەو ڕێگەیەدا دەیکێشین تەزوویەکی ناخۆش هەموو گیانمی دائەگرت، لەوکاتەدا بیرم لە ئاوات کردەوە کە شیری دایکی نەدەخوارد و دەبوو شیری بۆ بکڕم، ئەوسا بوو کە واتادارتر دەبوو ئامێزم بۆ مەرگێکی نووستوو و جێژوانێکی بێناونیشان!

هاوڕێیەکانم هاتن و وردە وردە ڕێککەوتین. ڕێگایەک کە دیار نەبوو تێیدا بە زیندوویی دەگەڕێینەوە یا نە! لە چرکەیەکدا هەم خۆشحاڵ بووم هەم دڵتەنگ؛ خۆشحاڵ بووم لەبەر ئەوەی ئەسپم بوو و ئەمتوانی بارەکەم لەسەر پشتی دانێم و دڵتەنگ لەوەی ئەو کوڕە گەنجە کە ئەشێ ئەو بارە قورسە بە کۆڵ بباتە ئەودیوی شاخەکەوە. وردە وردە نزیکی بەرزاییەکانی شاخەکە ئەبووینەوە کە ئەوەی دڵەڕاوكێ خستبووە دڵمەوە خەریک بوو ڕووبدات. تۆپەڵە بەفرەکان وا لە لووتکەی چیاکەوە بەرەو خوار ئەهاتن، ڕێك بە ئاراستەی ئێمەدا و لە هەمان جێگەی ئێمەی لێ بووین. دیمەنێکی تۆقێنەر بوو!

لەناکاو دەنگی هاوار بەرز بووەوە کە بۆلای ڕاستی شاخەکە هەڵێین. بە پەلە هەوساری ئەسپەکەم ڕاکێشا و بۆلای باقییەکەیان چووم کاتێک ئاورێکم دایەوە بینیم دانەیەک لەوێ وشک ڕەقهەڵاتووە و حەپەساوە؛ ئەو هەمان کۆڕە مێرمنداڵەکە بوو کە بە دڵنیاییەوە بۆ پەیا کردن بژیوی ژیانی داییک و خوشک و براکانی گیانی خۆی خستبووە مەترسییەوە. ئەسپەکەم وێڵکرد و بە خێرایی ڕامکرد و دەستە ساردەکانیم گرت و بەرەو شوێنە پارێزراوەکە هەڵاتین. کاتێک لە جێگاکەمان دڵنیا بووین چوومەوە بۆلای ئەو کۆڕە گەنجە بینیم وەک هەوری بەهار ئەگیرێت. ئارامم کردەوە و پرسیم ناوت چییە: وتی هەژارم ناوە. دیار بوو وەک ناوەکەی چارەنووسیشی وابوو. وتم بۆ ئەگریت؟ وتی حەفتەیەک پێش بوو تەرمی باوکمان لە ژێر هەرەسی بەفر دەرهێنا و ئێستاش وا نزیک بوو منیش ببمە قوربانیێکی دیکە. خەمێکی ناخۆش دایگرتم، چاوم بڕییە چاوە خەمگینەکانی هەژار؛ چاوگەلێک کە پڕ بوون لە ئیرادە، ورە، خەم، ئازار و مەینەتی ژیان وەک بڵێی وەک ناوەکەی هەژاری بەشی ژیانی بێت. پاشان بە هەر حاڵێک بوو بارەکانمان بردە شوێنی خۆی و گەڕاینەوە ماڵەکانمان. لە ڕێگا هەر بیرم لە خۆم و هەژار و هاوڕێیەکانم دەکردەوە. کەوتمە بیری چوارینەکی خەیام کە دەڵێت:

ڕابوێرە بە سەربەرزی بان و ئاوێک
سەردامەنەوێنە بۆ هیچ ناپیاوێک
ئەم ژینە کە هەر دەمێکە دێت و دەڕوا
مەردایەتی مەفرۆشە لە پێناو تاوێک

بەڵێ من کۆڵبەرم، بە سەربەرزی دەژیم، چۆک بۆ ژیان دانادەم و حەزەکەم کە ئاواتی کۆڕم گەورە بوو بە سەربڵندییەوە ناوم بێنێت تەنانەت ئەگەر لە پێناو بژێوی ژیانمدا گیانم بەخت بکەم.